وەسوەسەی عەقیدەیی: کۆمەڵە بیرۆکەیەکە لەناکاو تووشی مرۆڤ دەبێت و بەسەریدا زاڵ دەبێت، بێ ئەوەی خۆی بیەوێت و بەرەو ڕووی چووبێت، وا لە مرۆڤەکە دەکات هەست بکات بێ‌باوەڕ بووە، یان تووشی کوفر و شیرک بووە، یان ... هیتر. وەسوەسەی عەقیدەیی هەر لەگەڵ مرۆڤدا بوونی هەبووە و شتێکی زۆر بێزارکەرە، هەندێک جار وا لەو کەسەکە دەکات پەنا بۆ خۆکوشتن ببات!

له نموونەی ئەمەدا پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (يَأْتي الشَّيْطانُ أحَدَكُمْ فَيَقُولَ: مَن خَلَقَ كَذا وكَذا؟ حتَّى يَقُولَ له: مَن خَلَقَ رَبَّكَ؟ فإذا بَلَغَ ذلكَ، فَلْيَسْتَعِذْ باللَّهِ ولْيَنْتَهِ)¹. واتە: (شەیتان دێت بۆلای یەکێک لە ئێوەوە و دەڵێت: کێ ئەمە و ئەمەی دروستکرد؟ هەتا دەڕوات و دەگاتە خوای گەورە و دەڵێت: ئەی کێ خودای دروست کرد؟ هەر یەکێک لە ئێوە گەیشت بەم پرسیارە با خۆی پەنا بدات بە خوای گەوە و واز لەو فکر و پرسیارە بهێنێت).

پێغەمبەر(ﷺ) دوو چارەسەری بۆ داناوە: خۆپەنادان بەخودا و کۆتایی هێنان بە وەسوەسە و پرسیارە ناعەقڵانی و نامەعقووڵەکە. خوای گەورەش دەفەرموێت: (وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنَ الشَّيْطَانِ نَزْغٌ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ إِنَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ)². واتە: (ئه‌گه‌ر وه‌سوه‌سه‌یه‌کت له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه بۆ پێشهات و ویستی له خشته‌ت به‌رێت و تووشی هه‌ڵه‌ت بکات، جا ئه‌وه تۆ په‌نا بگره به‌ خوا و پشت به‌و ببه‌سته‌، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و زاته بیسه‌ر و زانایه‌)، بەشبەحاڵی خۆم چەندان کەس پێیان وتووم: توخوا بەفریامان وەرە، ئیمانمان لەدەستدا! هی وا هەبووە وتوویەتی: خۆم دەکوژم، با ڕزگارم بێت لەم گێژاوە! هی وا هەبووە وەسوەسەکەی گەیشتووە بە ڕادەیەک کەوتۆتە گومان لە بوونی خۆشی، نەک هەر لەبوونی خودا!

جیاوازی نێوان گومان و وەسوەسە:

زۆر گرینگە جیاوازی بکرێت لە نێوان گومان و وەسوەسەدا، چونکە ئەگەر لێک جیانەکرێنەوە، دوایی چاریش ناکرێت. گومان لە شتێکی تایبەت دەکرێت، بۆ نموونە: گومانی لە خودا هەیە، یان پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران، یان زیندووبوونەوە، یان ... هیتر، گومان پێویستی بە وەڵامی قەناعەتپێکەر هەیە و کەسی گومانکەر کەسێکی سرووشتییە و هەرکاتێک وەڵامەکەی وەرگرت، تەواو تەواو قەناعەتی دێت و ئەو حاڵەتەی خۆی جێ‌دێڵێت.

بەڵام وەسوەسە کۆمەڵە ئەفکارێکی سەرقاڵکەری بێزارکەرە، کە زاڵ دەبێ بەسەر کەسەکەدا، زۆر جاریش لەسەر شێوەی گومان و پرسیار خۆی دەردەخات، لە ڕووکەشدا وەک کەسی گومانکەر وایە، بەڵام لە ناوەڕۆک و حەقیقەتدا تەواو تەواو جیاوازە، چونکە کەسی وەسواس حاڵەکەی تەواو نابێ و ئەگەر وەڵامیشی بدەیەوە، هەر بەردەوامە لەسەر حاڵەتەکەی خۆیی و ناتوانێت تێیپەڕێنێت، چونکە وەک باسمان کرد بەسەریدا زاڵبووە و لە ویست و ئیڕادەی ئەو دەرچووە.

کەواتە ئەو کەسەی گومانی هەیە بە وەڵام کۆتایی بە گومانەکەی دێت و دەبێتەوە کەسێکی ئاسایی، بەڵام کەسی وەسواس بە وەڵام کۆتایی بە حاڵەکەی نایەت، چونکە شتێکی لائیرادییە و بەسەریدا زاڵبووە، و لە بنەڕەتیشەوە حاڵەتەکەی لەسەر بنەمای پرسیار و زانست و گەڕان بەدوای حەقیقەتدا دروست نەبووە. زۆر بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کەسی وەسواس نەخۆشە و زۆرجار پێویستی بە پزیشکی دەروونی و چارەسەری دەروونی هەیە. 

جۆرێکی تری وەسوەسەمان هەیە لە شێوەی هەست و شعور و شتێکی لەناکاو هاتوو، وەک ئەوەی کەسەکە هەر لە خۆیەوە هەست دەکات جنێو بە خوا دەدا، یان کوفر دەکا، یان وێنای خوای بۆ دێت بە وێناکردنێکی نابووت و ناشیرین و نەگونجاو، یان وێنەی پێغەمبەرانی بۆ دێت بە شێوەیەکی ناشیرین یان ... ھتد.

لە بەرەنجامی ئەوەوە ئەم کەسە نەخۆشە وای لێ دێ لە هەموو شتێک دەترسێت، هەرچی بۆنی ئەوەی لێ بێ ناتوانێ لێی نزیک بکەوێتەوە، زۆرجار لە گەڕان بەدوای وەڵامەکانیشدا دەترسێت، یان دەترسێت دەست بۆ پەڕتووکێک ببات کە وەڵامی گومانی تێدایە، یان ورووژاندنی گومان. ئەوەی زۆر سەیرە ئەوەیە زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشی و وەسوەسانە دەبن، ئامادە نین واز لە عیبادەت و پەرستشەکانیان بێنن، کە ئەمە خۆی خاڵێکی زۆر ئەرێنییە، چونکە هەست دەکەن ئەم حاڵەتەیان دژی دڵ و دەروونیانە و شتێکە تووشی عەقڵ و فکریان بووە بێ ئەوەی بیانەوێت. بۆیە ئەمە نەخۆشییە و لە پزیشکی دەروونیدا پێی دەوترێت: «وەسوەسەی زاڵبوو - الوسواس القهری - - OCD».

هۆکارەکانی وەسوەسەی عەقیدەیی و فکری:

ناتوانین بە دیاریکراوی هۆکارێکی دیاریکراو دیاری بکەین، هەرچەندە لە ڕووی پزیشکی دەروونییەوە زۆر شتیان دیاریکردووە، بۆ نموونە: کێشەی جینات، یان ویراسی، یان کێشەی عەسەبی، یان دەوترێت فشارێکی دەروونی لەناکاوە.

بەڵام بە کورتی دەتوانین بڵێین: زۆر کەس هەیە ئامادەیە بۆ ئەوەی تووشی ئەم هێرشە دەروونییە ببێتەوە، جا یان بەهۆی ئەم هۆکارانەوە یان بە هۆکارگەلی تر.

زۆرجار لە گومانێکەوە دەست پێدەکات، گوێی لە گومانێک بووە و تووشی ئەم وەسوەسەیە بووە، یان تووشی ڕووداوێک یان کارەساتێک بووە و لەوێوە تووشی بووە، یان تووشی زیانێک یان لەدەستدانی ئازیزێکی بووە و دواتر تووشی بووە. کە زۆرجاریش هەر لە خۆوە و بێ هیچ هۆکار و پێشەکییەک تووشی دەبێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شەیتانی لەعین ڕۆڵێکی زۆری هەیە بۆ پەیداکردنی ئەم وەسوەسانە و بەردەوامی پێدانی. هەربۆیە قورئان و سووننە زۆر بەجوانی و ڕوونی باسی وەسوەسەیان کردووە و چارەسەرشیان بۆداناوە.زۆرجاریش ئەم جۆرە وەسوەسەیە لە دەستنوێژ و خۆشۆردنەوە دەستپێدەکات، ئەم کەسە تووشی وەسوەسە دەبێت لە دەستنوێژ یان خۆشۆردن یان ... هیتر، دواتر سەر دەکێشێت بۆ وەسوەسەی فکری و عەقیدەیی و ئیمانی.

کات و تەمەنی دەستپێکردنی وەسوەسە:

وەسوەسەی عەقیدەیی تەمەن و کاتێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە تەمەنی نەوجەوانی (هەرزەکاری) و گەنجییەوە دەستپێدەکات، جاری وا هەیە ڕۆژێک دەخایەنێت، جاری واش هەیە مانگێک یان ساڵێک یان چەند ساڵێک دەخایەنێت، زۆرجاریش دێت و دەڕوات، جار جار دێت و جار جار ون دەبێت، دواییش یان دەبێتە نەخۆشی دەروونی، یان لەناکاو کۆتایی دێت، زیاتر دەگەڕێتەوە سەر بەهێزی کەسەکان و خۆڕاگری و گوێ پێنەدانیان. ئەم جۆرە لە وەسوەیە ئاستێکی دیاریکراو ناناسێت، زۆرجار تووشی زانایەکی ئایینی دەبێت، یان قوڕئان خوێنێنک، یان قوتابییەکی علومی شەرعی، یان دکتۆرێک یان فەیلەسوفێک یان ... کەسیتر، ئەم جۆرە لە وەسوەسەیە زۆرجار لە نوێژدا یان لە کاتی قورئان خوێنددا یان ... کاتی تر تووشی دەبێت. وەسوەسەی عەقیدەیی لە قەلەق و هەستکردن بە کەموکوڕی دەروونی و ... پەیدا دەبێت و بە گوێپێدان و گوێگرتن بۆ گومان و شوبهە و خوێندنەوەی گومان زیاد دەبێت.

ئایا کەسی وەسواس گوناهبار دەبێت؟

ئەوەی زۆر گرینگە بزانرێت ئەوەیە کە ئەم وەسوەسەیە هیچ گوناهبارییەکی تێدا نییە و کەسەکە پێی گوناهبار نابێت³، چونکە زۆرجار کەسەکە هەست بە گوناهـ دەکات و پێیوایە تاوانێکی گەورەی کردووە، بەتایبەت لەو جۆرەی کە لە دەوونییەوە بەبێ ویستی خۆی جنێو بە خوا دەدات یان وێنای دەکات بە وێنایەکی دزێو و نابووت و ناشیرین.

وەسوەسە لە ناو هاوەڵانی پێغەمبەردا (ﷺ) هەبووە؟

بەڵێ هەبووە:

(إنَّا نَجِدُ في أنْفُسِنا ما يَسُرُّنا أنْ نتكَلَّمَ به، ولا أنَّ لنا ما طلَعَتْ عليه الشَّمسُ. قال: أوَجَدتُم ذلكَ؟ قالوا: نَعَمْ. قال: ذاك صَريحُ الإيمانِ)⁴.

(جاءَ ناسٌ مِن أصْحابِ النبيِّ صَلَّى اللَّهُ عليه وسلَّمَ، فَسَأَلُوهُ: إنَّا نَجِدُ في أنْفُسِنا ما يَتَعاظَمُ أحَدُنا أنْ يَتَكَلَّمَ به، قالَ: وقدْ وجَدْتُمُوهُ؟ قالوا: نَعَمْ، قالَ: ذاكَ صَرِيحُ الإيمانِ)⁵. واتە: (هەندێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر (ﷺ) هاتن بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) و پرسیاریان کرد: ئێمە شتی وا بەدەروونماندا دێت زۆر گەورە و کارەساتە و کەسمان ناتوانێت بیهێنێتە سەر زمانی، پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی هەستتان بەمە کردووە؟ وتیان بەڵێ، فەرمووی: ئەوە ئیمانە و ئیمانێکی ڕاشکاوە و لە ئیمانەوەیە.)

سەیر بکەن پێغەبەر (ﷺ) ئەم گومانە کوفریانەی بە ئیمانی ڕاشکاو ناساندووە، چونکە وایە کەسەکە ئەم شتەی بە دڵ و دەرووندا دێت، بەڵام زۆر پێی نامورتاحە و زۆری پێ ناخۆشە و لێی بێزارە و لێی ڕادەکات و ئومێد دەکات تێی پەڕێنێت، کەواتە دیارە کەسەکە ئیماندارە. ئەوەی زۆر سەیرە پێغەمبەر (ﷺ) لەو سەردەمەدا پێش زانستی پزیشکی دەروونی کەوتووە و ئەم جۆرە لە وەسوەیەی بە وەهم و شتێکی هیچ داناوە!

کەواتە وەسوەسەی عەقیدەیی و زاڵ هەرچۆنێک بێت هەر وەهمە و شتێکی هیچە.

وەسواس پاداشت وەردەگرێت لەسەر ئارامگری و ناڕەحەتییەکەی؟

بەڵێ، کەسی وەسواس پاداشت وەردەگرێت لەسەر ئارامگری و ناڕەحەتییەکەی، چونکە جۆرێکە لە تاقیکردنەوە و بەڵا و ناخۆشی و نەخۆشی، وەک پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (ما يُصِيبُ المُسْلِمَ، مِن نَصَبٍ ولَا وصَبٍ، ولَا هَمٍّ ولَا حُزْنٍ ولَا أذًى ولَا غَمٍّ، حتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا، إلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بهَا مِن خَطَايَاهُ)⁶.

  هەروەها فەرموویەتی: (ما مِن مُصِيبَةٍ تُصِيبُ المُسْلِمَ إلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بها عنْه، حتَّى الشَّوْكَةِ يُشاكُها)⁷. وە فەرموویەتی: (ما يزالُ البلاءُ بالمؤمنِ والمؤمنةِ في نفسِه وولدِه ومالِه حتَّى يلقَى اللهَ تعالَى وما عليه خطيئةٌ)⁸.

هەروەها (ما مِن مُسْلِمٍ يُصِيبُهُ أذًى؛ مَرَضٌ فَما سِواهُ، إلَّا حَطَّ اللَّهُ له سَيِّئاتِهِ، كما تَحُطُّ الشَّجَرَةُ ورَقَها)⁹.

هەموو ئەم فەرموودانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی موسڵمان لەسەر ئازار و بەڵا و تاقیکردنەوە و ناخۆشی و نەخۆشی پاداشت وەردەگرێت، هەتا ئەگەر ئازار و ناخۆشییەکە چقڵێک بێت کە لەپێی ڕادەچێت، جا چجای ئەوەی مرۆڤ تووشی ئەم نەخۆشییە دەروونییە سەختە ببێت و بەردەوام ئازاری بدات. کەواتە ئەم جۆرە نەخۆشییە هەم پاداشتی لەسەر وەردەگیرێت، هەمیش دەرگایەکە بەرەو یەقین و دڵخۆشی، چونکە ئەم مرۆڤە دوای ئەم نەخۆشییە تام لە دین و ئیمان دەکات، وەک ئەو کەسەی خواردنێکیان لێ قەدەغە کردووە و پاشان کە ڕێی پێدەدەن و دەیخوات زۆر تامی لێدەکات.

جۆرەکانی وەسواس:

۱. هەیە ئاشکرای ناکات و لە دەروون و فکری خۆیدا دەیهێنێت و دەیبات.

۲. هەیە ئاشکرای دەکات و دەچێتە لای کەسێک.

۳. هەیە وەسوەسەکەی هەندەکییە (جزئی)یە، بۆ نموونە: تەنها لە خودا یان لە زیندووبوونەوە وەسوەسەی بۆ دێت.

٤. هەیە وەسوەسەکەی گشتی و گشتگیرە (کلی)یە، واتە: وەسوەسەی بۆ دێت لە بارەی هەموو شتێکەوە، واتە لە خودی خۆشی، بڕوای بە بوونی خۆشی نامێنێت، یان لێی دەکەوێتە گومانەوە.

چارەسەکانی وەسوەسەی عەقیدەیی و فکری:

۱. خۆپاراستن لە گومان و گوێ بۆ گرتنی و خوێندنەوەی، بەتایبەت پێش ئەوەی مەناعە و بەرگری ئیمانی و فکری و عەقیدەیی پەیدا کردبێت، واتە نابێت نە گوێی بۆ بگرێت، نە بیخوێنێتەوە، نە لەگەڵ ئەو کەسانەشدا هەستێت و دانیشێت کە ئەم گومانانە دەوروژێنن.

۲. خۆسەرقاڵکردن و نەهێشتنی کاتی بەتاڵ و فەڕاغ لە ژیاندا، بەتایبەت خۆسەرقاڵکردن بە کار و پیشە و بەدەستهێنانی زانست و ...هیتر، بەشێوەیەک کەسەکە کەمترین کاتی فەڕاغی هەبێت و مەجالی ئەوەی نەمێنێت بیر لەم وەسوەسانە بکاتەوە.

۳. لەخۆگەورەنەکردن و نەترسان لێی، نابێت وەسوەسەکان لەخۆی گەورە بکات، یان لێیان بترسێت، چونکە ئەگەری هەیە بەسەریدا زاڵ ببن.

٤. سەردانیکردنی کەسی شارەزا و لێهاتوو لە بواری گومان و وەڵامی گومانەکاندا.

٥. سەردانیکردنی پزیشکی دەروونی لە کاتی هەستکردن بەوەی کە بەرەو نەخۆشی دەروونی دەڕوات، چونکە ئەم بابەتە بەشێکی پەیوەندی بە پزیشکی دەروونی هەیە و عیلاج و حەب و چاسەری خۆشی هەیە.

٦. هاوڕێی باش و چاک.

۷. دوعا و عیبادەت و پەرستش و قورئان خوێندن و ... هیتر.

٨. وازنەهێنان لە عیبادەت و پەرستش و بەردەوام بوون لەسەریان.

۹. گوێ پێنەدان و وازهێنان و دوورکەوتنەوە و بیرلێنەکردنەوە.

 

لەکۆتاییدا:

۱. ئەگەر تووشی ئەم نەخۆشییە بووی خەم مەخۆ و گوێی پێمەدە و خۆت سەرقاڵ بکە و دڵنیابە پاداشتی لەسەر وەردەگریت.

۲. نەکەی تەسلیمی ببی و چۆک دابدەیی و بڕوخێی، چونکە دڵنیابە کاتێکی کەمە و کۆتایی دێت.

۳. ئەم تاقیکردنەوەیە بە نیعمەتێک بزانە بۆ زیاتر لەخوا نزیک بوونەوە و تامکردن لە ئیمان و عیبادەت، هەروەها زیاتر بەهێزبوونی عەقیدە و ئیمان بە خوادا و هەموو بنەماکانی ئیمان.

 

سەرچاوەکان:

لەدوای قورئان

1- أخرجه البخاري (3276)، ومسلم (134) واللفظ له.

2- [الاعراف: 200]

3- (صحیح ابن حبان: ۱٤٦)

4-أخرجه مسلم (132)، وأبو داود (5111)، والنسائي في ((السنن الكبرى)) (10500)، وأحمد (9694) واللفظ له.

5-رواه مسلم: ۱۳۲.

6-أخرجه البخاري (5642) واللفظ له، ومسلم (2573).

7- أخرجه البخاري (5640)، ومسلم (2572).

8-أخرجه الترمذي (2399) واللفظ له، وأحمد (7859).

9-أخرجه البخاري (5660)، ومسلم (2571).

10. محاضرة: أسرع علاج لوسواس العقيدة. د. هيثم طلعت.